كــوردستان

پارتی و یەکێتی وەڵامی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوویان دایەوە

دوای ئەوەی ٢ی حوزەیران سەڵاحەدین موحەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو پەیامێکی ئاراستەی هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، دوێنێ ٣ی حوزەیران ئەو دوو حزبە وەڵامی پەیامەکەی ئەمینداریان دایەوە و پێشوازییان لێکرد.

کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا کە ئاراستەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی کردووە ڕایگەیاندووە، “ناوەرۆکی پەیامەکەی جەنابتان کە لە ڕۆژی ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩ بڵاوکرابووەوە، خەمخۆری و پەرۆشیتان دەردەبڕێ بەرامبەر ڕەوشی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان.”

کۆسرەت ڕەسوڵ لە پەیامەکەدا ئامادەیی یەکێتیی دەربڕیوە بۆ هەنگاونان بە مەبەستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی پەیامەکەی ئەمینداری گشتی و ڕایگەیاندووە، “ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆ هەنگاونان بە مەبەستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی پەیامەکەی بەڕێزتان بە ئیرادە و ویستی ڕاستەقینەی چارەسەریی کێشەکان، وە ئەمەش بەرپرسیارێتیی مێژووییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و بەرزڕاگرتنی خوێنی شەهیدان.”

لەلایەکی ترەوە پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێشوازیی لە پەیامەکەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کردووە و لە ڕاگەیەندراوێکدا مەحمود موحەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە، “:ئەم بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکە و عێراق بەگشتی و، کوردستان بە تایبەتی، کەشێکی ئارام و تەحەمول و لەخۆبردوویی زیاترمان لێ دەخوازێ.”

وتەبێژی پارتی باسی لەوەش کردووە کە لە ٣ی حوزەیرانەوە یەکلایەنە هێرشی ڕاگەیاندنەکانیان ڕادەگرن و ڕایگەیاندووە، “لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و لەسەر ئەمری جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، بۆ خزمەتی پرۆسەی سیاسی و هەڕێمەکەمان و، بۆ رەواندنەوەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی هاوڵاتیانی خۆشەویست، لەم بەرە بەرەی جەژنی پیرۆزی رەمەزانەدا، هەموو جۆرە گوتار و نوسینێکی گرژ، کە پێی دەگوترێ هێرشی راگەیاندن لە تەواوی دامودەزگاکانی پارتیمان یەک لایەنانە لە ئەمڕۆوە (۳ی٦ی۲٠۱۹) وە رادەگیرێ.”

هاوکات یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەڕێگەی ڕاگەیەندراوێکی مەکتەبی سیاسییەوە داوای لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆی کردووە کە هێرشە میدیاییەکان ڕاگرن و دوورکەونەوە لە وەڵامدانەوەی “هێرش و پەلاماری ناڕەوی چ لایەنێك كە بیەوێت ئاشتی كۆمەڵایەتی تێكبدات و شەڕی راگەیاندن بەرپا بكات.”

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی ٢ی حوزەیران مامۆستا سەڵاحه‌دین موحه‌مه‌د به‌هائه‌دین له‌ په‌یامێكدا ڕایگه‌یاندبوو، “پێویسته‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌كی به‌رپرسیارانه‌ بكه‌ن، كه‌ی ئه‌مه‌ كاتی ئه‌م ناسازی و ناڕێكی و هه‌ڕه‌شه‌بارانه‌یه‌، ئا له‌م بارودۆخه‌ ئاڵۆزه‌ی هه‌رێم و ناوچه‌كه‌دا هه‌رچی زوتره‌ ئه‌بێ رێكه‌ون و جیاوازیه‌كانتان به‌ دانوستان و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.”

ئه‌مینداری گشتیی یەکگرتوو لە پەیامەکەیدا چوار خاڵی گرنگی خستبووەڕوو کە بریتی بوون لە:

١- بارودۆخی هه‌ستیار و ئاڵۆزی ناوچه‌كه‌ و عێراق و مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانمان هه‌میشه‌ له‌بیربێ.

٢- ڕاگرتنی ده‌ستبه‌جێی هه‌موو جۆره‌كانی گرژی و شه‌ڕی ڕاگه‌یاندن.

٣- رێگرتن له‌ لێدوانی دژبه‌یه‌كی سه‌ركرده‌كانی هه‌ردوولا.

٤- كۆبوونه‌وه‌یه‌كی خێرای لوتكه‌ی هه‌ردوولا به‌ گیانێكی لێبورده‌یی و به‌ ئیراده‌ی چاره‌سه‌ر.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی پەیامەکەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو کلیک لێرە بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close