جیهانی ئیسلامیدونیا

چین.. ڕێگەنادرێت موسڵمانانی ئویغور بەڕۆژووبن و ناچار بە عەرەقخواردنەوەش دەکرێن

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی ناسراو بە “ئەمنستی ئینتەرناشناڵ” بڵاویکردووەتەوە، موسڵمانانی جیهان پێشوازی لە مانگی ڕەمەزان دەکەن و ڕۆژانە و بۆ ماوەی مانگێک چەندین کاتژمێر بەڕۆژوو دەبن و فێستیڤاڵی یەک مانگەی مانگی ڕەمەزان بەڕێدەکەن، بەڵام لە هەرێمی شینجیانگ، کە موسڵمانانی گەلی ئویغور تیایدا نیشتەجێن، حکومەت و دەسەڵاتی شیوعی چین وەکو “نیشانەیەکی توندڕەوی” لە ڕۆژووگرتن دەڕوانن.

ڕێکخراوەکە باسی لەوە کردووە، جگە لە ڕۆژووگرتن، هێشتنەوەی ڕیش، پۆشینی حیجاب و سەرپۆش و ئەنجامدانی نوێژ بە نهێنی و ئاشکرا قەدەغەیە و وەکو نیشانەی توندڕەوی هەژمارکراوە. هەروەها خۆبەدوورگرتن لە خواردنەوەی کهولیش قەدەغەیە و نیشانەیەکی توندڕەوییە، ئەمەش بەپێی یاساکانی حکومەتی شیوعی چین.

باسی لەوەش کردووە، ئەنجامدانی هەر کارێک لەو کارانە هۆکارن بۆ ئەوەی بچیتە ئەو زیندانانەی حکومەتی چین کە بە کامپی پەروەردەکردنەوە ناساندوونی.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووشدا لە زۆر لە ناوچەکانی شینجیانگدا پۆستگەلێک لە وێبسایتەکانی سەربە حکومەتی چیندا کراون و تیایدا ڕاگەیەندراوە، بەڕۆژووبوون لە مانگی ڕەمەزاندا لە قوتابیانی سەرەتایی و دواناوەندی و ئەندامانی حزبی کۆمیۆنیست قەدەغە و ڕێگەپێنەدراوە.

قەدەغەکردنی بەڕۆژووبوون بۆ “ئەندامانی حزبی شیوعی”ی چین پرسیاری ئەوە دێنێتە ئاراوە کە ئایا تەنانەت ئەندامانی حزبی شیوعیش لە ڕەمەزاندا بەڕۆژوو دەبن وا ڕێکخراوی ئەمنستی ناویهێناون؟!

ڕەمەزان لە قوتابخانەکاندا:

گولزیر، ئافرەتێکی موسڵمانی ئویغوریی دانیشتووی ناوچەی ینینگی سەربە شینجیانگە، ئەو دەڵێت، کاتێک لە سەرەتاکانی ٢٠٠٠دا لە قوتابخانە بووە، مامۆستاکانی پێیان وتوون کە ڕۆژوو نەگرن، چونکە دەبێت خۆیان ئامادەکەن بۆ تاقیکردنەوەی گشتی.

گولزیر باسی لەوەش کردووە، هەندێک لە قوتابییەکان بەڕۆژوو دەبوون و، لەکاتی نانی نیوەڕۆدا لەجیاتی ڕۆشتنەوە بۆ ماڵەوە یان چوونە بۆ ڕێستۆرانت و فرۆشگاکانی خواردن بە مەبەستی نانخواردن، لەناو پۆلەکاندا دەمانەوە و پشوویان دەدا.

گولزیر ئەوە دەگێڕێتەوە، مامۆستاکان بەسەر پۆلەکاندا دەگەڕان تا قوتابییەکان بپشکنن و ئەویش (گولزیر-یش) هەندێک خواردنی لەگەڵ خۆی بردووە و لەکاتی نانی نیوەڕۆدا نیشانیداون بۆئەوەی بیسەلمێنێت کە بەڕۆژوو نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوکات پشکنینەکانیان زۆر تووند نەبووە، هەندێک لە قوتابییەکان بە نهێنی بەڕۆژوو دەبوون.

گۆڕانی ڕووداوەکان:

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، لە هاوینی ٢٠٠٩وە دۆخەکە بەرەو خراپترین ڕۆشت. بەهۆی توندوتیژییەکانەوە لە ئورومقی-ی پایتەختی شینجیانگ، نزیکەی ٢٠٠ کەس کوژران و، دواتریش هێزی ئەمنیی حکومەتی چین بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شینجیانگ (تورکستانی ڕۆژهەڵات) بڵاوکرانەوە.

گولزیر باسی لەوە کردووە، دایک و باوکی پێیانوتووە کە نەچێتە مزگەوت، تەنانەت لە شێنژینیش (کە گولزیر بە شوێنێکی ئەمن و باشی دەزانی). دواتریش لە زۆر شتی تر مەحروم کران، ئەمانەش بەهۆی ڕێوشوێنە توندەکانی حکومەتی شیوعی چینەوە بە ناوی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی.

بەگوێرەی دوایین یاساکان کە لە ساڵی ٢٠١٧دا دەرکراون، ئەو کەسانەی کە ڕەتیدەکەنەوە گوێ لە پرۆگرامە ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنییەکان بگرن توندڕەون. هەر بەپێی یاساکان، ئەو ئافرەتانەی بورقە و نیقاب و حیجاب و سەرپۆش دەپۆشن و ئەو پیاوانەی ڕیشێکی (نائاسایی) دادەنێن توندڕەون.

لە نیسانی ٢٠١٧دا حکومەت لیستێک لە ناوی بڵاوکردەوە کە قەدەغەکرا لە منداڵان بنرێن، ناوەکانیش بە نزیکەیی هەموویان ناوی ئیسلامی بوون و، هەر منداڵێکیش ئەو ناوانەی هەبووایە و تەمەنی لە خوار ١٦ ساڵەوە بوایە دەبوو ناوەکەی بگۆڕێت.

ڕێکخراوی ئەمنستی باسی لەوەش کردووە، ئەم ڕەمەزانە، بەشێکی زۆر لە موسڵمانان لە شینجیانگ لە خۆشەویستانیان جیاکراونەتەوە، هەندێکیشیان بێسەروشوێنن.

گولچێهرە هۆجا ڕۆژنامەنووس لە دەزگای ڕاگەیاندنی (ڕادیۆی ئازادی ئاسیا)، کە بەر لە ١٨ ساڵ چینی جێهێشتووە و چووەتە ئەمریکا دەڵێت، “بیرمە تەنیا کەسە بەتەمەنەکانی وەکو داپیرم بەڕۆژوو دەبوون و دوعایان دەکرد و داوایان لە خودا دەکرد کە لە منداڵەکانیان خۆشبێت لەسەر ڕۆژوونەگرتنیان (چونکە ناچارکراون کە ڕۆژوو نەگرن). ئێستاش سەرەی منە کە دوعا بۆ خانەوادەکەم و تەواوی گەلی ئویغور بکەم.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close