جیهانی ئیسلامیدونیا

ڕۆژی ئاشکراکردنی ڕێککەوتنی سەدە ڕاگەیەندرا

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، بڕیارە لە ٧١هەمین ساڵڕۆژی نەکبەی فەڵەستیندا و لە ١٥ی ئایاری ٢٠١٩ ڕێککەوتنی سەدە ڕابگەیەنرێت.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە ئیدارەی ئەمریکا بە بەرپرسانی کەنداو و عەرەبی وتووە کە لە پلانیدایە، ڕێککەوتنی سەدە (کە بە پلانی ئاشتی)یش ناسراوە، لە ١٥ی ئایاری ٢٠١٩دا ئاشکرابکات، کە ڕۆژی نەکبەیە و تیایدا ئیسرائیل ئاهەنگی ڕۆژی سەربەخۆیی دەگێڕێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلخەلیج ئۆنلاین، ڕێککەوتنی سەدە تەواوبووە و لەلایەن ئەمریکاوە ئامادەکراوە و پاڵپشتیی دارایی پێویستیش بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییەکانی دابینکراوە.

سەرچاوەکان کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت ڕایانگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ ڕۆژی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەی بە بەرپرسانی باڵای سعودییە، ئیمارات، میسر و ئوردن ڕاگەیاندووە.

هاوکات ماڵپەڕی ئەلخەلیج ئۆنلاین ئاماژەی بەوەش کردووە، دەوڵەتە عەرەبییەکان و دەسەڵاتی فەڵەستین بە حەزەرەوە چاوەڕێی پلانەکەن، کە بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان لە ڕێککەوتنەکەدا نەخشەی سیاسیی تەواوی ناوچەکە دەگۆڕێت.

ئەلخەلیج ئۆنلاین پێشبینیی ئەوەی کردووە کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەدا لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستیندا خۆپیشاندانی گەورە بەڕێوەبچن.

بۆ خوێندنەوەی زانیاریی زیاتر لەبارەی ڕێککەوتنی سەدە، کلیک لێرە بکە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close