جیهانی ئیسلامیدونیا

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: بەهۆی پاڵپشتیی ڕووسیاوە ئەسەد بۆ ماوەیەکی کورت لە دەسەڵات دەمێنێتەوە

جێرمی هەنت وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاندووە، بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا “بۆ ماوەیەکی کورت” بەهۆی پاڵپشتیی ڕووسیاوە لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە.

هەنت لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سکای نیوز هۆشداریشی داوە لەوەی کە مۆسکۆ بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاشتی لە سووریا، ئەوەش بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە ڕژێمی ئەسەد. ئەوەش بە یەکەمین هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرای وەزیرێکی بەریتانی دادەنرێت لەبارەی سووریاوە.

هەنت وتووشیەتی، “پێموایە ئێوە دەزانن کە بەریتانیا ماوەیەکی زۆرە لەسەر ئەوەیە کە ئاشتی لە سووریا بە مانەوەی ئەو ڕژێمە (ڕژێمی ئەسەد) نایەتەدی. بەڵام پێمانوایە کە ئەسەد بۆ ماوەیەکی کورت لە دەسەڵاتدا دەبێت و ئەوەش بەهۆی پاڵپشتیکردنی ڕووسیاوەیە.”

هەنت ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەوانەیە ڕووسیا پێیوابێت کە مەودایەکی کاریگەری بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرپرسیاریشە. وتووشیەتی، “ئەگەر بەشداربیت لە کایەکانی سووریادا، ئەوە دەبێت دڵنیابیت لەوەی کە حەقیقەت بریتییە لە ئاشتی لە سووریادا. هەروەها بە مانای ئەوەیە کە دڵنیایی بدەیت لەوەی بەشار ئەسەد چەکی کیمیاویی بۆسەر گەلەکەی بەکارناهێنێت.”

ئەو لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش پێچەوانەی لێدوانەکانی بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی پێشووی بەریتانیایە، کە ساڵێک بەر لە ئێستا ڕایگەیاند، دەبێت ڕێگە بە خۆپاڵاوتنی بەشار ئەسەد بدرێتەوە.

هاوکات وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایشیگەیاندووە، دەبێت چارەنووسی ئەو دوو چەکدارەی داعشە بەریتانییە ڕوونبکرێتەوە کە تۆمەتبارن لە بەشداریکردن لە کوشتنی بارمتە ئەمریکی و بەریتانییەکاندا و پێویستە لە ماوەی ساڵی داهاتوودا بڕیاری لەبارەوە بدرێت.

بەگوێرەی سکای نیوز، ئەو دوو چەکدارەی داعش کە ناسنامەی بەریتانییان هەیە لەلایەن چەکدارانی کوردەوە دەستبەسەرکراون. لەلایەکی تریشەوە سکای نیوز باسی لەوە کردووە، نیگەرانیی ئەوە هەیە کە سەرجەم زیندانییەکانی داعش لەلایەن شەڕڤانانەوە ئازادبکرێن ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بکشێنەوە.

لەوبارەیەوە هەنت وتوویەتی، “پێمانوانییە کە ئەوە پرسێک بێت لە ماوەی یەک یان دوو مانگدا چارەسەربکرێت، بەڵکو پرسی دەستگیرکراوەکانی داعش لە ناوچەک کوردییەکان پرسێکە کە پێویستە وەک بەشێک لە کشانەوەکە (کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا) چارەسەربکرێت.”

ناوبراو وتووشیەتی، نایەوێت بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەوەوە بڵێت کە چارەسەرەکە چۆن دەبێت، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کەسانە دەبێت ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close