جیهانی ئیسلامی

خۆپیشاندانەکانی عێراق.. لانیکەم ٢٨ کەس کوژراون

سەرچاوە پزیشکییە عێراقییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایانگەیاند کە ژمارەی قوربانییانی خۆپیشاندانەکان تا ئێستا گەیشتووەتە ٢٨ کوژراو.

ئەو سەرچاوانە رایانگەیاندووە، شەوی رابردوو ١٠ کەس لە خۆپیشاندانەکانی شارەکانی باشووری عێراق کوژراون کە پێنجیان لە شاری عەمارە و پێنجی دیکەیان لە ناسرییە بووە، بەوەیش کۆی ژمارەی قوربانییەکان لەو سێ رۆژەدا بۆ ١٩ کەس بەرزبووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر ٩ کەسی تر کوژرابوون. ئەمڕۆش لانیکەم نۆ کەسی تر کوژراون و ژمارەی کوژراوەکان بۆ لانیکەم ٢٨ کەس بەرزبووەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە لەنێو قوربانییەکانی ناسرییە، چوار کەسیان سڤیل و یەکیان پۆلیس بووە.

جگە لە کوژران، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە لە رۆژی سێشەممەی رابردوو، سەدان کەسی تریش برینداربوون، کە بە نزیکەی دوو هەزار کەس خەمڵێنراوە، جگە لە وێرانکاری و سوتاندنی چەندین بینا و باڵەخانە و ئوتومبێل و هتد، بەوەش زیانی گەورە بە دامودەزگا حکومی و حزبییەکان لە زیقار، میسان و نەجەف و ناوچەکانی تر گەیەندراوە.

داواکاری خۆپیشاندەران بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانیان و رەخساندنی ھەلی کار و نەھێشتنی بێکاری و گەندەڵیی کارگێڕی و داراییە لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، بەشێک لە خۆپیشاندەرانش دروشمی رووخانی دەسەڵاتیان بەرزکردووەتەوە.

بەیانی ئەمڕۆش ھێزە ئەمنییەکان قەدەغەکردنیی ھاتوچۆیان لە بەغدای پایتەخت راگەیاند، ئەوەیش بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان و رێگریکردن لە گەیشتنی خۆپیشاندەران بە گۆڕەپانەکانی تایبەت بە خۆپیشاندانەکان.

جگە لەمانەش، هەریەکە لە ئەمریکا و تورکیا داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کرد کە گەشت بۆ عێراق نەکەن و، ئێرانیش دوو ده‌روازه‌ی سنووریی خوسره‌وی له‌ پارێزگای كرماشان و ده‌روازه‌ی سنووریی جه‌ززابه‌ی سه‌ربه‌ پارێزگای خوزستانی بەڕووی عێراقدا داخستووە.

کەمێک بەر لە ئێستاش لەکاردوورخستنەوەی ١٠٠٠ (هەزار) فەرمانبەری عێراقی بە تۆمەتی گەندەڵی ڕاگەیەندرا، بەڵام دیارنییە کە ئەو هەزار کەسە کێن و پێدەچێت کە ئەو کەسانە کەسانی پلە نزم بن و بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان بێت.

بەهۆی دەستێوەردانی بەردەوامی ئێران لە کاروباری عێراق، خۆپیشاندانەکان زیاتر دژایەتییان بۆ ئێران پێوە دیارە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئاڵای ئێران لەلایەن بەشێک لە خۆپیشاندەرانەوە سوتێنرا و چەندین دروشمی دژ بە ئێران بەرزکرانەوە و تەنانەت سوکایەتی بە وێنەی سەرکردە ئێرانییەکان کرا، بەڵام خۆپیشاندەران زیاتر بێ ئامانج دەردەکەون و سەرکردە و ڕێبەرێکیان نییە پێشڕەوییان بکات، بۆیە پێشبینی ناکرێت گوێیان بۆ بگیرێت و پێدەچێت بە کوژرانی دەیان کەس و برینداربوون و وێرانکاری دامەدەزگا و شوێنە گشتییەکان کۆتایی بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close