جیهانی ئیسلامیكــوردستان

رووسیا: نیگه‌رانین له‌ به‌كارهێنانی كوردانی سووریا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا رایگەیاند، “نیگه‌رانین له‌ هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا له‌باره‌ی فاكته‌ری كورد له‌ سووریا و به‌كارهێنانی كورد بۆ دابه‌شكردنی سووریا.”

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، دوای كۆبوونه‌وه‌ی لەگەڵ یوسف العوسه‌یمین سكرتێری گشتیی رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی له‌ مۆسكۆی پایته‌ختی رووسیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا رایگه‌یاند، له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا پێكدادانی جددی له ‌نێوان كورد و عه‌ره‌بدا رووده‌دات و وتی، “كاتێك له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ كورد و عه‌ره‌به‌كاندا كۆده‌بینه‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ی رێزگرتن له‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریادا دیالۆگ ئه‌نجامبدرێت. كورده‌كان ده‌یانه‌وێت دیالۆگ ئه‌نجامبده‌ن.”

لاڤرۆڤ وتیشی، “ئه‌مریكا كورده‌كان به‌كارده‌هێنێت بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات له ‌ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی به‌ناو ده‌وڵه‌ته‌وه‌، كه‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریاش ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. نیگه‌رانین له‌ هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا له‌باره‌ی فاكته‌ری كورد له‌ سووریا و به‌كارهێنانی كورد بۆ دابه‌شكردنی سووریا. هیوادارین ئه‌مریكا ده‌ستبه‌رداری هه‌وڵه‌كانی ببێت له ‌سووریا كه‌ بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پێشێل ده‌كات و هاوسه‌نگیی به‌رژه‌وه‌ندیی نێوان گرووپه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و ئیتنیكییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ تێكده‌دات.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close