كــوردستان

ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو پەیامێکی ئاراستەی یەکێتی و پارتی کرد

سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و ڕایدەگەیەنێت، ئێستا کاتی کاتی ئەم ناسازی و ناڕێکی و هەڕەشەبارانە نییە.

دەقی پەیامەکەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو:

بسم الله الرحمن الرحیم
پەیامێک لەلایەن (م.صلاح الدین محمد بهاءالدین ) ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە
لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان

بەرێزان …
هاونیشتمانیانی ئازیز….
سەرکردایەتی سیاسی کوردستان…..

سڵاوی خواتان لەسەر بێت..

لەم رۆژە پیرۆزانەی کۆتایی رەمەزان و شەوانی قەدر و پێشوازی جەژنی پیرۆزدا
داواکارم لە خودای پەروەردگار تاعەت و عبادەت و بەخشندەیی موسڵمانان قبوڵ بکات .
ئومێدەوارم مانگی رەمەزان و هاورێیەتی قورئان خۆراگری زۆرتر و ئیرادەی بەهێزتر و هۆشیاری بەرپرسیارانەی زیاتری پێ بەخشیبین …
هەر لەم بۆنە پیرۆزە دا سەرنجتان رائەکێشم بۆ ئاڵۆزی هەل و مەرجی ناوچەکە و عێراق و تەحەدی و هەرەشە جۆراوجۆرەکانی شەڕی بەرژوەندی وڵاتان .. ئالەم حاڵەدا کە هاوڵاتیانی کوردستان چاوەرێی سەقامگیری و کۆتایی نەهامەتی و رێکسختنەوەی دامەزراوە دەستوری و نیشتمانیەکان بوون ، بەداخەوە واقعەکە شتێکی ترە..! شەیپوری شەر و هەرەشە و گرێ دروستکردن لە رێگەی یەکتردا دەبینین، جێگای داخە کە دڵە راوکێ و قەلەقی لە ناو خەڵکدا دروست ئەکرێ و ئاسۆی ئاشتەوایی و بەحیوار چارەسەرکردن لە ئارادا نیە..
بەرێزان:
ئێوە لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و بەتایبەت بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێویستە هەڵوێستەیەکی بەرپرسیارانە بکەن ، کەی ئەمە کاتی ئەم ناسازی و نارێکی و هەرەشە بارانەیە ، ئا لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی هەرێم و ناوچەکەدا هەرچی زوترە ئەبێ رێکەون و جیاوازیەکانتان بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بکەن رێگە نەدەن زمانی شەڕ زاڵ بێ و پرۆسەی سیاسی و دەزگا فەرمیە نیشتمانیەکان پەکیان بکەوێ و ناچاری قبوڵی دەستێوەردانی خەڵکانی بەرژوەندی خواز بن و هەرێمەکە و ئەزمونە سیاسیەکە دووچاری پاشەکشێ و گەرانەوە بۆ چوارگۆشەی شەڕ و دولەتی و دودڵی و ترس زاڵ بێ بەسەر بازار و ژیانی گشتیدا .
ئەمە بەرپرسیارێتێکی مێژووییە و نابێ پشتگوێ بخرێ ، دۆخە سیاسیەکەی عێراق و ناوچەکە و ئاراستە نێودەوڵەتیەکان پەیامی ترسناکمان پێدەدەن ،بەرگەی ئەم ئاستەنگ دروستکردن و بڕوبیانوە لە یەکترگرتنە ناوخۆیییە ناگرێ و بە زیانی گەورە ئەشکێتەوە بەسەر هەمولایەکماندا و بەسەر ئەزموون و ئایندەی گەلەکەماندا …
بۆیە تکایەکی برایانە لە هەردو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم ( پارتی و یەکێتی ) و بەتایبەت هەردوو سەرکردەی بەرێز جەنابی کاک مەسعود بارزانی و کاک کۆسرەت رەسوڵ ئەکەم بریارێکی خێرای پێکهاتن بدەن و رێگە لە تەشەنەکردن و تەصعید بگرن ، تا دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبووە و کێشەکان نەچۆتە ئاستی هەڵدێر و نەگەرانەوە بەرپرسیارێیتی دەسەڵاتی کوردستان لە ئەستۆی ئێوەدایە .. کەی رەوایە یاری بە چارەنوسی ئەم ئەزمونە و ئەم دۆزە رەوایە بکرێ بە پاساوی هەڵەی سیاسی وو تۆڵە لە یەکتر کردنەوە ..
پیرۆزیی مانگی رەمەزان و جەژنی رەمەزان داوا لە هەمولایەکمان ئەکات قەدری میللەتەکەمان بگرین و سەرئێشەی ناکۆکی و زەنگی شەڕ و هەرەشەی هەڵتەکاندنی هەرێم نەخەینەسەر نەهامەتی کۆمەڵایەتی و گرفتاری بژێوی و بێکاری گەنجان و تەسکبونەوەی پانتایی فرەیی و ئازادیەکان …
دەبێ بە ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقی خۆمان هەڵسین و هەرلایەو لە خواستی کەسی و حزبی خۆی کەمێک دابەزێ و ئامانجی یەکریزی و سەقامگیری ئەمنی و شەرعیەتی دام و دەزگا نیشتمانیەکان بکەینە خاڵی سەروتر لە جیاوازی بۆچون و بەرژوەندی و پشکی بەرکەوتن و دەستکەوتەکان
رێز لە خوێنی شەهیدان و مێژووی خەباتی خۆمان بگرین و بەرژوەندی گەل و نیشتمان و پاراستنی ئەزمونە سیاسیەکە لەسەروی هەموو بەرژەوەندیە حزبی و کەسیەکانەوە بێ.
لە کۆتاییدا داواکارم کە
1-بارودۆخی هەستیار و ئاڵۆزی ناوچەکە و عێراق و مەترسی و هەرەشەکانمان هەمیشە لەبیر بێ.
2-راگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرەکانی گرژی و شەری راگەیاندن.
3-رێگرتن لە لێدوانی دژ بە یەکی سەرکردەکانی هەردوولا .
4-کۆبونەوەیەکی خێرای لوتکەی هەردوولا بە گیانێکی لێ بوردەیی و بە ئیرادەی چارەسەر.

ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەم بوارەدا وێرای پاراستنی پێگەی ئۆپۆزسیۆنبونمان ئامادەی هەر ئەرکێکین کە ناوماڵی کوردستانی رێکبخاتەوە و یەکریزی و یەک هەڵویُستی بەرهەم بهێنێ ، ئەرکی هەمووانە کە بۆ کوردستانێکی ئارام و سەقامگیر تێبکۆشین ..
بەهیوای هەنگاوێکی بەرپرسانە و هەواڵی دڵخۆشکەر لەم بەرە جەژنە پیرۆزەدا .

براتان
صلاح الدین محمد بهاءالدین
ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان
2/6/2019

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close