جیهانی ئیسلامیدونیاكــوردستان

گرێ سپی.. بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لانیکەم ١٣ کەس کوژران

بی بی سی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی تەقینەوەی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە شارۆچکەی گرێ سپی لە سنووری باکوری سووریا، لانیکەم ١٣ کەس کوژراون و ٢٠ی تریش برینداربووە. بەگوێرەی سەرچاوەکان، لەناو کوژراوەکاندا منداڵیش هەیە.

مانگی ڕابردوو هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزسیۆن کۆنترۆڵی ئەو شارۆچکەیە و چەند شارۆچکە و ناوچەیەکی تری سنووری سوریایان کرد و لەدەست گروپە چەکدارییەکانی یەپەگە و هەسەدەیان دەرهێنا، ئەوەش دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوو لەو ناوچەیەی کە بڕیارە تورکیا “ناوچەی ئارام”ی تیا دروستبکات.

بەگوێرەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەناو کوژراوەکانی تەقینەوەکەی گرێ سپی-دا جگە لە هاووڵاتیی مەدەنی، چەکداری سەربە تورکیا هەبوون، ڕوانگەکە باسی لەوە کردووە کە لە تەقینەوەکەدا لانیکەم ١٤ کەس کوژراون و ٣٠ کەسی تریش برینداربوون.

هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی تورکیا یەپەگەی بە ئەنجامدەری تەقینەوەکە تۆمەتبارکردووە.

میدیاکانی سەربە یەپەگە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی بکەرانی تەقینەوەکەوە بڵاونەکردووەتەوە و تەنیا باسیان لەوە کردووە کە زیاتر لە ٤٠ کەس کوژراون و برینداربوون.

٣١ی مانگی ڕابردووش تەقینەوەیەک لە عەفرین ڕوویدا و بەهۆیەوە لانیکەم هەشت هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و ٣٠ کەسی تریش برینداربوون، کە تەقینەوەکە لەناو بازاڕێکدا بووە. بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و خەڵکی عەفرین “یەپەگە بە ئەنجامدانی تەقینەوەکان تۆمەتباردەکەن.”

لەلایەکی ترەوە مەولود شاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە، “یەپەگە و پەکەکە ئەندامانی داعش بە پارە ئازاد دەکەن، ئەوەش شتێکی چاوەڕوانکراوە لە گروپێکی تیرۆریستییەوە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close