دونیامێژوو

ئەفریقای باشوور.. چیرۆکی ئەو ئیمامەی لە شەڕی دژی نەژادپەرستیدا گیانی سپارد

٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئیمامێک (ی موسڵمان) لەکاتێکدا دژی نەژادپەرستی جەنگی بەرپاکردبوو، گیانی لەدەستدا، هێشتایش هاوڕێ و کەسوکاری ئەو ئیمامە یادی مەرگی ئەو ئیمامە دەکەنەوە.

ئەو ئیمامە، ئیمام عەبدوڵا هارۆن بوو، کە لە ٢٧ی ئەیلولی ١٩٦٩ لە شارۆچکەی کەیپ کۆچی دوایی کرد و دواتریش دوو ڕووداو لە ٢٩ی ئەیلولی ١٩٦٩ ڕوویدا. یەکێکیان بریتیبوو لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی، کە تیایدا نزیکەی ٤٠ هەزار کەس تەرمی ئیمامیان بۆ مەودای نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر هەڵگرت تا گەیاندیانە دواین وێستگەی ژیانی لە گۆڕستانی مۆوبرایی موسڵمانان، شەوی دواتریش بومەلەرزەیەکی دەگمەنی گەورە ڕوویدا.

زۆرینەی ئەوانەی ئەو دوو ڕووداوەیان بینی، پێیانوابوو کە ڕووداوەکان پەیوەستن بەیەکەوە، دەیانوت، مردنی ئەو ئیمامە زۆر بەئازار و شۆک ئامێز بوو.

ئیمام عەبدوڵا لە ٢٧ی ئەیلولی ١٩٦٩ لە زینداندا و دوای ١٢٣ ڕۆژ لە زیندانیکردنی لە ژووری تاکەکەسیدا، گیانی لەدەستدا، دەستگیرکردنی ئەو ئیمامەش بەهۆی دژایەتیکردنی بوو بۆ نەژادپەرستی، کە تا ساڵی ١٩٩٤ و هەڵبژاردنی نێلسۆن ماندێلا یەکەمین سەرۆکی ڕەشپێستی ئەفریقای باشوور درێژەی هەبووە.

ئیمام عەبدوڵا هارۆن یەکەمین کەسایەتیی ئاینی بووە کە لە زینداندا و لەژێر چەپۆکی دەسەڵاتی ڕژێمێکی نەژادپەرستدا گیانی لەدەستداوە، مەرگی ئەو ئیمامەش دەریخست کە تەنانەت پیاوانی خودایش سەلامەت نین لەدەست دەوڵەت و ڕژێمی لەو شێوەیە.

بەهۆی مەرگی ئیمام عەبدوڵاوە، لەسەر ئاستی جیهان ناڕەزایی کەوتەوە. پۆلیس دواتر ڕایگەیاند کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی لە قادرمەوە گیانی لەدەستداوە. پۆلیس ڕایشیگەیاند، ئەو دوو پەراسووە شکاوە و ئەو ٢٧ شوێنی لێدانەی کە بەسەر جەستەی ئیمامەکەوە بووە، هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە، ئەمەش سەرەڕای ناوبانگی پۆلیسی ئەو وڵاتە بوو لە بەکارهێنانی ئەشکەنجە و لێدان. پۆلیسی ئەو وڵاتە، زۆرینەی حاڵەتەکانی مردنی لەناو زیندانەکاندا گەڕاندبوەوە بۆ سێ هۆکار، کە ئەوانیش بریتیبوون لە کەوتنەخوارەوە لە قادرمە، هەڵخلیسکان لە حەمام و خۆهەڵدانیان لە پەنجەرەکانەوە و، بەرپرسیارێتیش نەدەخرایە ملی هیچ کەسێک لەسەر مەرگی ئەو کەسانەی لە زیندانەکاندا دەمردن.

خانەوادەی ئیمامەکە ڕایانگەیاند، ئەوان “ئەو درۆ”یان قبوڵنییە و، لە یادی ٥٠ ساڵەی مردنیدا داوای لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەکەن.

گالیمە هارۆن هاوسەری ئیمام عەبدوڵا هارۆن ٥٠ ساڵ دوای مردنی هاوسەرەکەی و ڕۆژی یەک شەممە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٩ کۆچی دوایی کرد.

فاتمە هارۆن ماسۆیت لەناو سێ منداڵەکەی ئیمامدا، بچووکترین منداڵی ئیمام هارۆن بووە، کە لەکاتی مردنی باوکیدا تەمەنی تەنیا شەش ساڵ بووە.

فاتمە لەبارەی باوکییەوە بە بی بی سی وتووە، “باوکم خاوەنی ڕۆحێکی جوامێر بوو، زۆر بەڕێز و خۆشەویست بوو.”

موحەمەد هارۆن کوڕی ئیمام هارۆن، ئێستا پڕۆفیسۆری بواری ئاینناسییە لە بۆتسوانا، تەمەنی ١٢ ساڵ بوو کاتێک باوکی مردووە، وەکو پیاوێکی زۆر ڕۆحی باوکیی بیردێتەوە، کە هەر لە تەمەنی گەنجییەوە هەفتانە دوو ڕۆژ (دوو شەممە و پێنج شەممە) بەڕۆژوو دەبوو، بۆ هەرکوێیەکیش بچوایە پۆشاکێکی شێوە جامانەی دەکردە سەری، کە پۆشاکێکی کلتوریی عەرەبییە، یان کڵاوێکی لەسەردەکرد.

ئیمام عەبدوڵا هارۆن، پیاوێکی کۆمەڵایەتی و شیکپۆش بووە، حەزی لە یاریی ڕەگبی و کریکێت و بواری سینەما هەبووە، بە “پیاوێک گەورەتر لە ژیان”یش ناویدەبەن.

خاوەنی پرۆجێکتەرێکی خۆی بووە، موحەمەدی کوڕی دەڵێت، بیریەتی کە لە هاوڕێکانی باوکی بە گروپ چوونەتە ماڵیان و لەڕێگەی سکرینی پرۆجێکتەرەکەوە پێکەوە سەیری فیلمیان کردووە، بەتایبەتی لە دوای نیوە شەوی شەوانی هەینی و شەممە.

یوسوف ئەبرەهامس (جۆوا ئەبرەهامس) یاریزانی پێشووی ڕەگبی، کە خوێندکارێکی ئیمام عەبدوڵا بووە، باسی لەوە کردووە کە چۆن ئیمام هەوڵیداوە هۆشیاری و ئاگایی لەناو کۆمەڵگای موسڵماناندا لەبارەی دادپەروەری و نەژادپەرستییەوە بڵاوکاتەوە و بە بی بی سی وتووە، “ئیمام پێیدەوتین، ئێمە پێویستە بەربەستە نەژادییەکان بشکێنین و بە ئاراستەی داهاتوو کاربکەین.”

ئەم ئیمامە بە شێوەیەکی بەردەوام سەردانی کۆمەڵگا ڕەشپێستەکانی لە شار و شارۆچکەکان کردووە، بەتایبەتی لە شار و شارۆچکەکانی لانگا، گوگولێتو و نیانگا. لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتەوە هاتوچۆ و جوڵەی خەڵک لە وڵاتەکەدا بە یاسا سنووردارکرا، بەڵام ئیمام عەبدوڵا لە مانگی ئایاری ١٩٦٢ و لەناو هۆڵی دریڵ لە شاری کەیپ ئیدانەی ئەو یاسایەی کرد و بە یاسایەکی “نامرۆڤانە، دڕندە و نائیسلامی” ناویبرد، دوای چوار ساڵیش، هاوشێوەی ملیۆنان هاووڵاتیی ئەفریقیای باشور، ئیمام و خانەوادەکەی ناچار بە جێهێشتنی ماڵەکەیان کران، لەکاتێکدا زۆرینەی ئیمامەکانی تر دەترسان لە قسەکردن دژی ئەو دۆخە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە باوەڕیان بەخۆیان کردبوو کە ئەوە کاری ئەوان نییە کە دژی حکومەتێکی سەرکوتکار بوەستنەوە، بەڵام ئیمام عەبدوڵا باوەڕی وابوو کە دەبێت ئەو کارە بکات و لە زۆربەی ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە نەژادپەرستیدا بەشداریی دەکرد.

لە ساڵی ١٩٦٦ و کۆتایی ساڵی ١٩٦٨دا ئیمام چووە سعودییە بەمەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج و، بە نهێنیش چووە میسر بەمەبەستی بینینی سیاسییە دوورخراوەکان و ئەنجومەنی ئیسلامیی جیهانی. هەروەها چووەتە لەندەن، کە شەمیلەی کچە گەورەی لەوێ دەیخوێند.

دوای گەڕانەوەی بۆ ئەفریقیای باشوور لە ساڵی ١٩٦٩دا، ئیمام زانی کە ژیانی لە مەترسیدایە، لە ٢٨ی ئایاری ١٩٦٩دا لەلایەن پۆلیسی ڕژێمە نەژادپەرستەکەوە دەستگیرکرا و دوای چوار مانگ لە دەستگیرکردنیشی کۆچی دوایی کرد.

لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیدا، ڤیکتۆر وێزڵس، مامۆستا و کەسایەتییەکی مارکسی، ڕایگەیاند، “ئیمام تەنیا لەپێناو موسڵماناندا نەمرد، بەڵکو لەپێناو پرسەکەیدا مرد، پرسی خەڵکی چەوساوە.” دواتریش لەلایەن کانۆن کۆلینس قەشەی مەسیحی، ئیمام عەبدوڵای بە “شەهید” ناوهێناوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close