جیهانی ئیسلامیدونیا

زەکات برسێتی و هەژاری و نەخوێندەواری لە هەموو جیهاندا بنبڕ دەکات

بە سیستمی زەکات (کە یەکێکە لە پێنج پایەکەی ئیسلام) نەک برسێتی و هەژاری لە جیهاندا بنبڕ دەبێت، بەڵکو نەخوێندەواری و چەندین کێشەی قورس کۆتاییان دێت، چۆن؟!

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ساڵی ٢٠١٧دا ٦٤٢ هەزار و ٨٠٠ ملیۆنێر هەبوون، واتە ئێستا ژمارەکە زیاتریشی کردووە، ملیۆنێر واتە سەروەتەکەی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلارە. بەو شێوەیەش ٦٤٢ هەزار و ٨٠٠ زەربی یەک ملیۆن دۆلار دەکەین، دەکاتە ٦٤٢،٨٠٠،٠٠٠،٠٠٠ (شەش سەد و چل و دوو ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار)، ڕێژەی زەکات دەرکردن لە سەروەتی هەر کەسێک کە زەکات لە ماڵی دەرکرێت ٢.٥%، بەو شێوەیەش زەکاتی ئەو بڕە پارەیەی ملیۆنێرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە ١٦ ملیار و ٧٠ ملیۆن دۆلار، بەم پارەیە دەتوانرێت برسێتی و هەژاری لە بەشێکی بەرچاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکرێت!

تەنیا سەروەتی چوار بنەماڵەی ئال سعودی سعودی، ئال صباحی کوێتی، ئال ثانیی قەتەری و ئال نەهیانی ئیماراتی پێکەوە دوو تڕلیۆن و ٢٤٥ ملیار دۆلارە. زەکاتی ئەم چوار بنەماڵەیە پێکەوە دەکاتە ٥٦ ملیار و ١٢٥ ملیۆن دۆلار، ژمارەی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەگوێرەی دوایین ئامارەکان ٤١١ ملیۆن کەسە، واتە تەنیا لە زەکاتی چوار بنەماڵەی شاهانەی سعودییە و کوەیت و قەتەر و ئیمارات، هەر تاکێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکەی ١٣٠ دۆلاری بەردەکەوێت! بە مانایەکی تر، تەنیا لە ٢.٥٪ی سەروەتی ئەو چوار بنەماڵەیە هەر تاکێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکەی ١٣٠ دۆلاری بەردەکەوێت! خۆ ئەگەر تەنیا سەروەتی ئەم چوار بنەماڵەیە بەسەر دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابەشکرێت، ئەوا هەر تاکێک زیاتر لە پێنج هەزار و ٢٠٠ دۆلاری بەردەکەوێت! ئەمە تەنیا سەروەتی چوار بنەماڵە! ئەی بۆ پرسیار نەکەین ئەگەر سەروەتی هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە عادیلانە دابەشکرێت هەر تاکێک چەندی بەردەکەوێت؟! یاخود ئەگەر هەموو ئەو کەسانەی کە زەکاتیان لەسەرە، ئەگەر زەکات بدەن، ئایا برسی و هەژار و نەخوێندەوار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێت؟! دەبێت ئەوەش لەبیرنەکەین کە عێراق و کوردستانیش بەشێکن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!

با لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێینە دەرەوە و سیستمی زەکات ڕووبەڕووی هەموو جیهان بکەینەوە! لە هەموو دونیادا ٣٦ ملیۆن ملیۆنێر هەن، واتە هەموویان خاوەنی ٣٦ تڕلیۆن دۆلارن، ئەگەر بەپێی سیستمی ئیسلامی (زەکات) لەم ملیۆنێرانە وەرگیرێت، واتە ئەگەر سەروەتی هەر ملیۆنێرێک ٢.٥٪ی وەرگیرێت و کەسێکی خاوەن ئەخلاق و ویژدان دابەشی بکات، نەک برسێتی و هەژاری لەسەر زەویدا بنبڕ دەبێت، بەڵکو بە سەدان ملیار دۆلاریش دەمێنێتەوە و نەخوێندەواری و چەندین پرسی گەورەی تری پێ چارەسەردەکرێت (بیرمان نەچێت، ئەگەر سەرپەرشتیاری/سەرپەرشتیارانی سیستمەکە کەسێکی عادیل و بەویژدان و خەمخۆر بە مرۆڤایەتی بێت/بن)!

بەپێی سیستمی ئیسلامی (زەکات)، زەکاتی هەموو ملیاردێرەکانی جیهان دەکاتە ٩٠٠ ملیار دۆلار (واتە نزیکەی تڕلیۆنێک دۆلار)، بەپێی سەرچاوەکانیش نزیکەی ٣٦٠ ملیار دۆلار پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە برێستی و هەژاری لە جیهاندا، واتە بە زەکاتی ملیۆنێرەکانی دونیا نەک هەژاری و برسێتی لە جیهاندا کۆتایی دێت، بەڵکو ٥٤٠ ملیار دۆلاریشی دەمێنێتەوە، کە بەم پارەیە دەتوانرێت نەخوێندەواری و چەندین کێشەی تری جیهان چارەسەر بکرێت!

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان زیاتر لە ٧٨١ ملیۆن کەس لە جیهاندا نەخوێندەوارن، کە بە ٥٤٠ ملیار دۆلار دەتوانرێت چەندین جار کۆتایی بەم کێشە و چەندین کێشەی تریش بهێنرێت (دووبارە بیرمان نەچێت، ئەگەر سیستم و پارەکە بدرێتە دەست کەسانی عادیل و بەویژدان و خەمخۆر بە مرۆڤایەتی)!

ئێوە کەی لە زەکات تێدەگەن؟!

زۆر وتن قورئان خۆشە و ئاماژەیەک بۆ کەسانی عاقڵ بەسە..

ئامادەکردن: کۆشش بێستانسووری

وەرگیراوە لە پەیجی گەیت ٢١

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close