مێژوو

بەسەرهاتی کۆچکردنی عومەر لە مەککەوە بۆ مەدینە

عومەر دەفەرموێت:

کەس بە ئاشکرا کۆچی کردووە یان نا، ئەوە خوا دەزانێ، هەرکەسە و بەگوێرەی زروفی خۆی هەڵسوکەوت دەکات، مەرج نییە هەرکەس بە ئاشکرا کۆچی کردبێ لەو کەسە باشتربێ کە بە نهێنی کۆچیکردووە، خۆ پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) و ئەبوبەکر بە نهێنی کۆچیانکرد، دەی ئەوان لە کوێ و عومەر لە کوێ؟!

ئەو ڕۆژەی بڕیاری کۆچکردنم دا، شمشێرەکەم کردە ملم، کەوانەکەم کردە شانم، چەند تیرێکم بە مشت گرت و بەرەو لای کەعبە ڕۆیشتم، دەوروبەری کەعبە لە خەڵکدا جمەی دەهات، حەوت جار بەدەوری کەعبەدا سووڕامەوە و تەوافم کرد. لە مەقامی حەزرەتی ئیبراهیمیش دوو ڕکات نوێژم کرد. دوایی بە دەنگی بەرز بانگی خەڵکەکەم کرد و وتم، “دەک ئێسکتان خواتەوە! هەرکەس دەیەوێ دایکی ڕۆڵەڕۆی بۆ بکات، هەرکێ دەیەوێ منداڵەکەی هەتیوو ببێ، هەرکەس دەیەوێ ژنی بێوەژن بکەوێ، با بێتە پشت ئەو دۆڵەوە، من کۆچ دەکەم بۆ مەدینە، کێ خۆی بە پیاو دەزانێ با بێت بەرم پێ بگرێ!”

دواتریش کەس نەیوێرا بەرم پێ بگرێت. من و عەییاشی کوڕی ڕەبیعە و هیشامی کوڕی عاص ڕێککەوتنمان کردبوو کە لەپشت بەرزاییەکانی مەککەوە یەکبگرین و کۆچ بکەین، وا ڕێککەوتین کە هەرکەسێ بەیانی لەوێ نەبوو، ئەوە یانی گیراوە و با ئەوانی تر بڕۆن. من و عەییاش ئامادەبووین، بەڵام هیشام گیری کردبوو، ئیتر ئێمە بەرەو مەدینە ڕۆشتین.

کاتێ گەیشتینە مەدینە لای خێڵی بەنی عەمر لە قوبا لاماندا، خاڵە ئەبوجەهل و خاڵە حارسم هاتن بۆلای عەییاش، عەییاش لە دایکەوە برایان بوو، پێغەمبەر هێشتا کۆچی نەکردبوو، هەر لە مەککە بوو، ئەبوجەهل و حارس بە هیشامیان وت، “دایکمان سوێنی خواردووە شانە نەکا بە سەریا تا تۆ نەبینێتەوە. لەبەر خۆرەتاو دانیشتووە و دەڵێ، (ناچمە بەر سێبەر تا عەییاش نەیەتەوە.) ئیتر عەییاش دڵی بۆ دایکی سوتا و گەڕایەوە بۆ مەککە.”

پێش ئەوە من بە عەییاشم وت، “کورە عەییاش! بەخوا ئەوانە دەیانەوێت لە خشتەت بەرن، بەخوا ئەگەر سپێ بداتە سەری دایکت ناچار دەبێ شانەی بکا، ئەگەر گەرما تینی بۆ بێنێ، بێدەنگ ڕادەکاتە بەر سێبەر!”

عەییاشیش وتی، “قەیناکە لەگەڵیان دەچمەوە، با دایکم هێوربێتەوە و منیش هەنێ سەروەت و سامانم هەیە دەیهێنم و دێمەوە.”

وتم، “کوڕە بەخوا تۆ دەزانی من یەکێکم لە دەوڵەمەنەکانی قورەیش، نیوەی سامانەکەم بۆ تۆ بەڵام نەچیتەوە.” بەڵام ئەو ڕازی نەبوو.

دواتریش عەییاش لەسەر ڕۆشتنەوەی سووربوو، منیش وشترێکی چاکم هەبوو، دام بە عەییاش، وتم “با ئەم وشترەت پێبێ، وشترێکی خێرایە و گوێڕایەڵە، ئەگەر هەستتکرد فێڵت لێ دەکەن، بۆی دەرچۆ و خۆت نەجاتبدە.”

عەییاش لەگەڵیان ڕۆشتەوە، لە ڕێگەدا ئەبوجەهل پێیوتبوو، “برا وشترەکەم زۆر ماندووە بۆ لە پاشکۆی خۆتەوە سوارم ناکەی؟” عەییاش وتبووی “باشە.” عەییاش وشترەکەی یخ دابوو (دانیشاندبوو)، هەر کە وشترەکە یخی خواردبوو، بە هەردووکیان (ئەبوجەهل و حارس) شاڵاویان بردبووە سەر عەییاش و دەست و پێیان بەستبووەوە، بردیانەوە بۆ مەککە و بەناو خەڵیدا گەڕاندیان و وتیان، “کوڕە خەڵکینە! ئەوە ئێمە برا بێعەقڵەکەی خۆمان ئاوا گرت و هێنامانەوە، ئێوەش بڕۆن کەسوکارە بێعەقڵەکانی خۆتان بێننەوە.”

لە کتێبی: ئەو دەمەی گەشتم بە عومەر-ەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close