جیهانی ئیسلامی

چین هێزی سەربازی بۆ پاڵپشتی ئەسەد ڕەوانەدەکات

باڵیۆزی چین بۆ سوریا ڕایگەیاندووە، خۆشحاڵدەبن بە بەشداریکردن و پاڵپشتیکردنی سوپای ئەسەد “بە چەند شێوەیەک” لە شەڕی ئیدلیبدا.

لەکاتێکدا سوپای ڕژێمی سوریا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن بۆسەر ئیدلیب لە باکوری سوریا، قی قیانجین باڵیۆزی چین بۆ دیمەشق بە میدیایەکی سەر بە ڕژێمی ئەسەد (بەناوی ئەلوەتەن)ی ڕاگەیاندووە، سوپای چین پێیخۆشە بەشداری لەو ئۆپراسیۆنەدا بکات و پاڵپشتی سوپای سوریا بکات “بە چەند شێوەیەک”.

باڵیۆزی چین پاڵپشتی خۆیشی ڕاگەیاندووە بۆ ئەو جەنگە و بە جەنگی “دژی تیرۆر” ناویبردووە و باسی لەوەش کردووە کە ئویغورەکانی چین دژی ڕژێمی ئەسەد شەڕدەکەن.

ئویغورەکان کەمینەیەکن لە چین، بەگشتی موسڵمانن، بەشێکیان داوای سەربەخۆیی خینجیانگ دەکەن.

بەپێی هەندێک سەرچاوە، ئەم هاوکاری و هەماهەنگییەی چین بۆ سوپا و ڕژێمی سوریا یەکەمجار نییە و لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧شدا هاوکاریی ڕژێمی سوریایان کردووە، بەڵام قی قیانجین ئەوەی ڕەتکردووەتەوە.

لە ئێستادا لە چین موسڵمانانی ئویغور بە چەندین شێوە دەچەوسێنرێنەوە و زوڵمیان لێدەکرێت، لە کامپگەلێکدا بەناوی (کامپی پەروەردەکردنەوەی سیاسی) زیاتر لە ملیۆنێک لە پیاوەکانیان دەستبەسەرن و هەوڵدەدرێت ناچاربکرێن بە وازهێنان لە ئیسلام و بەیعەتدان بە پارتی کۆمیۆنیستی چین، ژن و کچەکانیشیان ناچاردەکرێن بە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ کوڕ و پیاوانی گەلی هان، کە ژمارەی گەلی هان زیاتر لە ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دەبێت.

ئەمانە و چەندین زوڵم و زۆر و ستەمی تر لە ئێستادا لە چین و بە دیاریکراوی لە ڕۆژهەڵاتی تورکستان کە بە (خینجیانگ) ناسراوە، دەکرێت، و میدیاکان و میدیاکارانیش ڕێگەیان پێنادرێت بە ڕووماڵکردن و ئەنجامدانی کاری میدیایی لەو ناوچانەی کە موسڵمانان تیایدا دەژین، و ئەگەر ڕێگاشیان بدرێت ئەوە لەژێر چاودێرییەکی زۆر توندی ئەمنیدا ڕێگەیان دەدرێت و ڕێگەنادرێت بە نزیکبوونەوەیان لەو شوێنانەی کە حکومەت نایەوێت جیهان بیبینێت، وەک کامپەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close